نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: ئێمە دەمانەوێ لە زانکۆکان توانا دروست بکەین نەک تەنها بروانامە

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانى وەزارەتەکەمان داڕشتنى سیستمێکى هاوچەرخە بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، هەربۆیە ئەمساڵ وەک هەنگاوى یەکەم بەڕێژەى (٢٥%) کارمان کردوە بۆ گۆڕینى سیستمى وەرگرتن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ خاتو لۆرا مەیسن ڕێکخەری گشتی کاروبارەکانی ڕێکخراوی ئایرێکس لە ئێراق هات، کە ئەمڕۆ چوار، ڕێکەوتی (٢١/٩/٢٠١٦) لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو. لەسەرەتایى دیدارەکەدا، خاتو لۆرا کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکیەکانی داهاتوى ڕێکخراوەکەیان پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کرد، هەروەک تیشکى خستەسەر بەستنى ئەو کۆنفرانسەى کە وا بڕیارە بەبەشدارى نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى هەرێمى کوردستان لە ڕۆژانى (٢٦ تا ٢٨/٩) لە بەغداد بەڕێوەبچێ، وتیشى لەو کۆنفرانسەدا کە باڵیۆزى ئەمریکا ئامادە دەبێت تێیدا باس لە کارە لە پێشینەکانى خوێندنى باڵا لە ئێراق دەکرێت، هەروەک هەڵسەنگاندن بۆ خوێندنى باڵا دەکەن و کارى داهاتوش دادەڕێژن، ڕونیشیکردەوە دەرئەنجامەکانى ئەو کۆنفرانسە ڕەوانەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان دەکەن.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران سەربارى نرخاندنى ئەو کۆنفرانسە، ڕونیکردەوە گرفتى ئێمە لە ئێستا دۆزینەوەى سیستمێکە بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ئەوەشى ڕاگەیاند: بڕیاریانداوە لەسەرەتاى مانگى ئۆکتۆبەرى ئەمساڵ دیدارێکى هاوبەش لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە بەڕێوەدەبەن بۆ قسەکردنى زیاتر لەسەر گۆڕینى سیستمى وەرگرتن لە زانکۆکان، هەر لەو چوارچێوەیەدا وتى: ئەمساڵ (٢٥%) سیستمى وەرگرتن گۆڕانکاریمان تێدا کردوە، چونکە ئەو سیستمەى کە ئێستا هەیە وایکردوە ئامادەیى و زانکۆ لە یەک ئاستدا بڕۆن و، واتا زانکۆ درێژکراوەى ئامادەییە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ وا بکەین دوو شتى لێک جیاواز بن و خاوەن سیستم و بەرنامەو دیدگاى جیاواز بن، لەهەمان کاتدا تەواوکەربن، نەک درێژکراوى یەک، بۆیە دیدارەکە هەر بریارێک بدات لە ساڵى داهاتو جێبەجێیان دەکەین، لەو چوارچێوەیەشدا د.یوسف گۆران داواى لە ڕێکخەرى گشتى کاروبارەکانى ڕێکخراوى ئایرێکس لە ئێراق کرد ئەگەر پسپۆڕو شارەزاییان لەو بوارە هەیە ئامادەیى دیدارەکە بن و هاریکاریان بن.

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتیشى بەردەوامبون لەسەر سێنتەرەکانى بەکارخستن لەلاى ئێمە زۆر گرنگە، چونکە پەیوەندییەکى زۆر لە نێوان وەرگرتنى خوێندکاران و سێنتەرەکانى بەکارخستن هەیە، ئەوەشى ڕاگەیاند: "ئێمە دەمانەوێ لە زانکۆکان توانا دروست بکەین نەک بروانامە"، وتیشى بۆیە دەمانەوێ ئەو توانایا بە ڕێگەى حەزو ئارەزو بێ بۆ ئەوەى بتوانین توانایەکى بۆ دروست بکەین تا بتوانێ کار بدۆزیتەوەو کار بکات.