وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
ده‌رباره‌ی وه‌زير

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
پرۆفیسۆر دلاوه‌ر عبدالعزیز عه‌لائه‌دین وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی پزیشكی پسپۆڕ‌و پرۆفیسۆری ئه‌كادیمی بواری مایكرۆبایۆلۆجی و نه‌خۆشییه درمه‌كانه له زانكۆی تۆنتینگهام. له شاری كۆیه‌ی كوردستانی عیراق له دایك بووه و له شاری هه‌ولێر گه‌وره بووه, خوێندنی بواری پزیشكی له زانكۆی به‌غدا ته‌واو كردووه. له ساڵی 1984 چووه‌ته له‌نده‌ن به مه‌به‌ستی خوێندن له بواری نه‌خۆشییه ئیستیوائییه درمه‌كان و دواتر له بواری توێژینه‌وه له باره‌ی مایكرۆبایۆلۆجی كلینیكی و نه‌خۆشییه درمه‌كان له سێنته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی (MRC) له به‌ریتانیا كاری كردووه. پاشان به پله‌ی پسپۆڕی ئه‌كادیمی كلینیكی له زانكۆی نۆتینگهام دامه‌زراوه. له ساڵی 1995 گروپی توێژینه‌وه‌ی نه‌خۆشی هه‌وكردنی په‌رده‌ی ده‌ماخ ی پێك هێناوه. پاشان له ساڵی 1999 گروپی توێژینه‌وه‌ی به‌كتریاناسی و زانستی به‌رگری له زانكۆی نۆتینگهام پێك هێناوه. كاره زانستییه‌كانی به‌ڕێز پرۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین به شێوه‌یه‌كی گشتی بریتی بوون له توێژینه‌وه له باره‌ی شێوازی نه‌خۆشی و ته‌شه‌نه‌كردن و دروستكردنی ڤاكسینی گه‌لێك جۆر میكرۆبی كوشنده به تایبه‌ت میكرۆبی نایسیریا كه ده‌بێته هۆی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك و ژه‌هراوی بوونی خوێن هه‌روه‌ها میكرۆبی كۆمپایلۆباكته‌ر كه ده‌بێته هۆی ژه‌هراوی بوونی خۆراك.
پرۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆرسی ماسته‌ری بواری نه‌خۆشییه درمه‌كان بوو له زانكۆی نۆتینگهامو پاشان له ساڵی 2007-2008 بووه جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری سێنته‌ری نه‌خۆشییه درمه‌كان له ئاژانسی پاراستنی ته‌ندروستی له به‌ریتانیا. دواجار له ساڵی 2009 پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی توێژینه‌وه‌ی له كۆلێجی شاهانه‌ی نه‌خۆشیزانی به‌ریتانیا پێ سپێردرا.
به‌ڕێزیان پۆستی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامێتی چه‌ندین گروپ و كۆمیونیتی بواری فێركردنی له به‌ریتانیا پێبه‌خشراوه وه‌ك:
- بۆردی نه‌خۆشییه درمه‌كان و به‌رگری له‌ش له ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی.
- كۆمیته‌ی ڕاوێژكاری بواری ووردبینه‌زینده‌وه‌ره‌كان له كۆلیجی شاهانه‌ی نه‌خۆشی زانی.
- بۆردی تاقیكه‌ره‌وه پایه‌به‌رزه‌كان له كۆلێجی شاهانه‌ی نه‌خۆشی زانی.
- كۆمیته‌ی توێژینه‌وه‌ی نه‌خۆشییه درمه‌كان له هه‌ردوو كۆلێجی شاهانه‌ی نه‌خۆشی زانی و نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو.
- كۆمیته‌ی زانستی له فیدراسیۆنی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌خۆشییه درمه‌كان.
- گروپی ووردبینه‌زینده‌وه‌رزانی له كۆمه‌ڵه‌ی ووردبینه‌زینده‌وه‌رزانی گشتی.
- بۆردی ڕاوێژكاری زانستی له بواری نه‌خۆشی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك. هه‌روه‌ها ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی سێ گۆڤاری نێوده‌وڵه‌تییه ( The journal of Medical Microbiology, Journal of Infection, and BMC microbiology)
- له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوو دا پرۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی زانستی له گۆڤاره هه‌ره‌كاریگه‌ره‌كانی دونیادا بڵاو كردۆته‌وه و به‌شداری نووسینی كۆمه‌ڵێك كتێبی له بواری نه‌خۆشییه درمه‌كان و ووردبینه‌زینده‌وه‌رزانی دا كردووه.
پرۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین لۆبیستێكی كارای دۆزی كورد و مافی مرۆڤی كورد بووه, به‌شداری كامپه‌ینی نێوده‌وڵه‌تی دژی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی كردووه و داك و باوك و كه‌س و كار و خانه‌واده‌كه‌ی له نێوان ئه‌و كه‌سانه بوون كه ڕزگاریان بوو له هێرشی كیمیایی سوپای عیراق بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان.
هه‌روه‌ها پرۆفیسۆ دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین توانی رۆڵی گه‌وره ببینێت له قایل كردنی حكومه‌تی به‌ریتانیا بۆ پێكهێنانی (ناوچه‌ی ئارام) بۆ كوردستان له‌ساڵی 1991 له دوای جه‌نگی كه‌نداوی دووه‌م.
هه‌روه‌ها توێژ ینه‌وه‌ی ووردی ئه‌نجام داوه له باره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی چه‌كی كیمیایی و ژه‌هراوی كردنی ئاواره‌كانی كوردستان له توركیا (ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له گۆڤاری لانسێت له شوباتی ساڵی 1990 بڵاو كراوه‌ته‌وه)
پرۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین چه‌ندین ووتار و لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی ده‌رباره‌ی كاریگه‌ری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر دۆزی كورد و لۆبی كوردی و سیاسه‌تی نێوخۆی كوردستان و حوكمڕانی كوردی بڵاو كردۆته‌وه. هه‌روه‌ها كتێبی (لۆبی كردن بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت) یه‌كێكه له به‌رهه‌مه هه‌ره به پێزه‌كانی, ناوه‌رۆكی ئه‌م كتێبه بریتییه له گێڕنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی قۆتاغێكی گرنگی لۆبی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی ووڵات (له نێوان هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو), هه‌روه‌ها له دووتوێی ئه‌م كێبه‌دا چه‌ندین ووتار و تێڕوانینی ستراتیجی له باره‌ی دۆزی كورد خراونه‌ته ڕوو.



