خولەکانی تەواوکاری و فێرکاری ئینگلیزی بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێدەکاتەوە

وەزارەت + وێنە

لەسەر ڕاسپاردەى د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لێژنەی پێداچونەوە بە مەرج و رێنماییەکانی سەنتەرەکانی زمان، خولەکانی تەواوکاری و فێرکاری زمانی ئینگلیزی بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێدەکاتەوە.

پاش ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە بە سەرپەرشتی د. محمد حسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکى لێژنەی پێداچونەوە بە مەرج و رێنماییەکانی سەنتەرەکانی زمان، بە مەبەستی دانانی ڕێکاری پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی خولەکان بە پاراستنی کوالێتی و ڕێوشوێنی گونجاو و رەچاوکردنى ڕێکارە تەندروستیەکان، بڕیاردرا بە دەستپێکردنەوەى خولەکانی تەواوکاری و فێرکاری بەشێوەى ئۆنڵاین.

بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٠/٩/٢٧) ناونوسین لە گشت سىەنتەرەکانى فێربونى زمانى ئینگلیزى زانکۆکانى کوردستان بۆ هەردو خولەکە دەستپێدەکات، تا ڕۆژی دو شەممە (٢٠٢٠/١٠/٥) بەردەوام دەبێت.

دواى پەسەندکردنی ناوەکان لەلایەن وەزاەرت و رێکخستنی خشتەی وانەکان، خولەکان لە ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٠/١٠/١٨) بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێدەکات.

جێگەى ئاماژەیە ڕونکردنەوەی زیاتر لەبارەى پرۆسەی ناونوسین و ڕێکارەکان لەلایەن سەنتەرەکانى زمان لە زانکۆکان بڵاو دەکرێتەوە.