کۆنفرانسی بەنێودەوڵەتیکردنی ناوەندەکانی خوێندنی باڵا بەڕێوەچو

كۆبونەوەی تایگرس

بە نوێنەرایەتى وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى، بەشداریکرد لە کۆنفڕانسی (دەستکەوتەکانی ڕابردو و تێڕوانینەکان بۆ داهاتوی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان) کە بەشێوەی ئۆنڵاین ئەنجامدراو ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان تیایدا ئامادەبون.

کۆنفرانسەکە کە لەلایەن زانکۆی پۆڵیتەکنیکی هەولێر بەشێوەى ئۆناین سازکرابو و تیایدا زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمەڵێک لە زانکۆ پێشکەوتوەکانی ئەوڕوپا و ئەکادیمیستانی کوردو ئەوروپی بەشداربون.

لە وتەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە لەلایەن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى پێشکەشکرا، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کۆنفرانسەکە بەشێکە لە زنجیرە چالاکییەکانی پڕۆژەی(TIGRIS )، کە تایبەتە بە بەنێودەوڵەتیکردنی دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و لەساڵی ۲۰۱۷ وە خراوەتە نێو پلانەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا. ئەم پڕۆژەیەش بەهەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوڕوپا ئەنجامدەدرێت. کە زانکۆ بەشدارەکان بریتین لە (سەڵاحەدین- سلێمانى - پۆلیتەکنیکى سلێمانى- پۆلیتەکنیکى هەولێر- پۆلیتەکنیکى دهۆک - راپەرین -هەڵەبجە -چەرمو- دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینەوەى زانستى).

د. محمد حوسێن وتیشى: ئامانج لە پرۆژەکە بنیادنانى تواناکانە لە بوارى خوێندنى باڵا، کە جەخت لەسەر بە نێودەوڵەتیکردنى ناوەندى خوێندنى باڵا دەکاتەوە لە هەرێمى کوردستان. هەروەها گرنگى دەدات بە پرۆژەى بۆلۆنیا پرۆسێس. بۆ ئەمەش بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى ڕێکخەرانى پرۆژەکەو هەمو ئەوانە کرد کە رۆڵیان لە جێبەجێکردنى پرۆژەکە هەبوە. دوپاتیشکردەوە وەزارەتەکەمان راسپاردەو پێشنیازەکان بە هەند وەردەگرین و جێبەجێیان دەکات.

 لە سێ ساڵی ڕابردودا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر، کە تایبەتن بە پڕۆژەی بە نێودەوڵەتیکردن ئەنجامدراون.