پڕۆسه‌ی زانستخوازيى بەردەوام
بو نوێكردنه‌وه‌ی زانستی مامۆستايان به درێژايی ژيان،
بۆ دڵنيا بوون له ئاستی به‌رزی ئه‌كاديمی له زانكۆكان
پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين
وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی
زانستخوازيی به‌رده‌وام، له بێشكه‌وه بۆ دواساتی ژيان (من المهد الی اللحد)، له دێڕينه وه به ئه‌ركێكی پيرۆزی گشت خاوه‌ن پيشهيهك زانراوه. به‌رزڕاگرتنی ئاستی زانستیی و هه‌ميشه نوێكردنه‌وه‌ی ئاستی هونه‌ر كليلی سه‌ركه‌وتنی تاكه‌كه‌س و پێشكه‌وتنی سيسته‌می وڵاته. له ڕووی پڕنسيپهوه، مافێكی ڕه‌وای خه‌ڵكه كه له به‌رامبه‌ر ئه‌و كات و ئه‌رك و خه‌رجه‌ی بۆ ده‌ستكه‌وتنی به‌رهه‌مێك يان خزمه‌تێك ته‌رخانی ده‌كه‌ن، له ئاستیێكی چۆنايه‌تی (كواڵيتی) به‌رزدا پێشكه‌شيان بكرێ. ئه‌و جۆره به‌رهه‌م و خزمهتهيش ته‌نيا له‌لای ئه‌و خاوه‌ن پيشانه ده‌ست ده‌كه‌وێ كه ته‌ركيزيان له‌سه‌ر كواڵيتيه، و دهزگاكانيشيان به به‌رنامه‌وه گرنگی به كواڵيتی ده‌ده‌ن. بۆيه‌ش، نوێ كردنه‌وه‌ی زانست و فێربوونی به‌رده‌وام، خواستی نه‌ك ته‌نيا هاوڵاتيه سودمهندهكانه به‌ڵكو خواستی خودی كارمه‌نده پيشهييهكانيشه.
جا له ده‌زگاكانی خوێندنی باڵاشدا، به هه‌مان شێوه، دڵنيابوون له به‌رزێتی ئاستی زانستی مامۆستايان، بێجگه له‌وه‌ی كه مافێكی ڕه‌وای خوێندكارانه، به‌ڵام ئه‌رك و ماف و خواستی خودی مامۆستا ئهكاديميهكانيشه. له ئيمڕۆدا زياد له ڕۆژانی پێشتر مامۆستايانی زانكۆ و پهيمانگاكانی هه‌رێم پێويستيان به خۆنوێكردنه‌وه و خۆبهستنهوهيه به هونه‌ر و زانستی سه‌رده‌م. له لايه‌كه‌وه به هۆی دابڕانی عيراق له دونيای ده‌ره‌وه، له سی (۳٠) ساڵی ڕابوردوودا مامۆستايانی زانكۆكان له زانستی سه‌رده‌م دابڕێندرابوون. له لايه‌كی تريشه‌وه به‌هۆی گه‌شه كردنی له‌ناكاوی ده‌زگاكان و زۆری خوێندكاران، ئه‌ركی مامۆستايان قوڕس كرابوو. هاوكات، له دهزگاكانيشدا، له ڕووی دارايی و ڕێنمايی كارگيَڕيهوه هيچ جۆره ميكانيزمێك بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی فێربوونی به‌رده‌وام له ئارادا نه‌بووه. ته‌نانه‌ت، كه ده‌رفه‌تی زانستخوازيش دههێنرايه كايهوه، بۆ نموونه له كاتی سه‌ردانی زانايان بۆ زانكۆ و ده‌سته‌كان، چی جۆره چاوڕوانيهك له مامۆستايان نه‌ده‌كرا كه ئاماده‌ی سێمينارهكان بونايه.
له ئێستادا، خۆشبه‌ختانه، ده‌روازه‌ی زانستی سه‌رده‌م خه‌ريكه بۆ ده‌زگاكانی هه‌رێم ده‌كرێته‌وه. زانكۆكانی شاره گه‌وره‌كان ده‌رفه‌تی زێڕينيان بۆ ڕه‌خساوه تاوه‌كو سوود له هاتوچۆی زانايان و ئهكاديميانی ده‌ره‌كی ببينن. به‌ڵام به گشتی، له غه‌يری كارمه‌ندانی په‌يوه‌نديدار، ئه‌وانی تر سوودێكی ئه‌وتۆيان له ميوانه ئه‌كاديميه‌كان نه‌ديوه. له زانكۆ و پهيمانگاكانی شاره بچووكهكانيش، مامۆستايان هه‌ست به دابڕانێكی زانستی ده‌كه‌ن و پڕ به دڵ حه‌ز به په‌يوه‌ندی كردن و بهشداريكردنی ئه‌كاديمی و به‌رده‌وام نوێكردنه‌وه‌ی زانستيان ده‌كه‌ن، به‌ڵام نه‌ك ته‌نيا دووريی دهزگاكانيان له سه‌نته‌ره مه‌زنه‌كان گرفتێكی به‌رچاوه به‌ڵكو له ڕووی دارايی و نيساب و لايه‌نی كارگيڕيشهوه مافيان نه‌پارێزراوه. له ئه‌نجاميشدا، ئه‌وانه له پێشبڕكێی خوێندنی باڵا و شاند كردن و به‌شداری كردن له كۆنفرانس و چالاكيه زانستيهكاندا به‌شخوراو ده‌بن. بۆيه‌ش، ئه‌وانه چاويان له داهێنانی پڕۆسهيهكی فه‌رميه كه به هۆيه‌وه بتوانن ئه‌و ماف و ئاواته پيرۆزانهيان وه‌ده‌ست بهێنن.
لێره‌دا ئه‌رك و به‌رپرسيارێتی ده‌زگاكانی خوێندنی باڵايه كه ميكانيزمێكی شياو بۆ هاندان و پشتگيريكردنی فێربوونی به‌رده‌وام بۆ مامۆستا ئه‌كاديمی و فهرمانبهرانيان دابڕێژن. به هه‌مان پێوهريش، ئه‌ركی سه‌رشانی مامۆستايانه كه هيممه‌ت بكه‌ن و كات ته‌رخان بكه‌ن و بايی ئه‌وه‌نده به خۆيانه‌وه ماندوو ببن كه ببنه شايانی ئه‌و ئه‌رك و خه‌رجه‌ی ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا له پێناوی مافه‌كانیاندا دهيگرنه ئه‌ستۆ. جا له مانگی ڕابوردوودا، بابه‌تی داڕێژتنی ميكانيزمێكی گونجاو بۆ زانستخوازی به‌رده‌وام خرايه به‌رده‌م لێژنه‌ی باڵای زانستی و دواتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی له دوا كۆبوونه‌وه‌ی مانگی ئاياردا پڕۆژه‌كه په‌سه‌ند كرا. ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ش ووردهكاريهكانه، كه له ئاينده‌دا له دوای ئه‌زموون و تاقی كردنه‌وه قابيلی ده‌وڵه‌مه‌ند كردنن.
پڕۆسه‌ی زانستخوازيی به‌رده‌وام
(Continuous Academic Development)
بۆ خاتری داڕێژتن و ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی زانستخوازی به‌رده‌وام له زانكۆ و پهيمانگاكاندا، له مانگی ئه‌يلولی ئيمساڵدا لێژنه‌ی زانستی ئه‌و ده‌زگايانه به‌رنامه‌ی تێروته‌سه‌ل بۆ په‌يڕه‌و كردن له ساڵی ئه‌كاديمی ئاينده (٢٠١٠-٢٠١١) دا پێكه‌وه بنێنن. به‌رنامه‌كه له ئاستی به‌شه‌كانه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت و له لايه‌ن لێژنه‌ی باڵای زانستيهوه سه‌رپه‌رشتی و به‌دواداچوونی بۆ ده‌كرێت.
پێويسته لە هەموو بەشه زانستيهكانی زانكۆ و ده‌سته‌كان (هه‌ريه‌كه‌يان به جيا)، بەرنامەى سێميناره زانستيه‌كان به شێوه‌يه‌كی وه‌رزیی دابڕێژرێ، وه له سه‌ره‌تای وه‌رزه‌وه ليستی سێمينارهكان به ناونيشانهوه له ئاستی زانكۆ و ده‌سته‌كاندا بڵاو بكرێته‌وه و له سه‌ر وێبسايتهكاندا ڕابگهيهندرێ. بۆ هاندانی ئاڵوگۆڕی سه‌ردان و پێشكه‌شكردنی سێميناری هاوبه‌ش و پێك ناساندنی ئه‌كاديميه‌كانی ده‌زگا جياجياكانی هه‌رێم، پێويسته خشته‌ی سێمينارهكان له نێوان به‌شه هاوتهريبهكانی زانكۆ و ده‌سته جياكاندا بڵاو بكرێته‌وه و هانی سه‌ردانی به‌رامبه‌ر بدرێ.
كاتژمێری زانستخوازی
به پێی ئه‌و به‌رنامه‌يه، وا چاوه‌روان ده‌كرێت كه هه‌موو مامۆستايه‌ك، جا لەهەر پلەیەکى زانستى بێت ، ساڵانه به‌لانی كه‌مه‌وه په‌نجا (٥٠) کاتژمێر لە فێربوون و چالاكی نوێكاری زانستی جۆراوجۆر خه‌رج بکات. بێ گومان ئه‌و په‌نجا كاتژمێره ته‌نيا وه‌ك پێوه‌رێك به‌كار ده‌هێنرێت و وه‌ك يه‌كه (وه‌حده) حيسابی بۆ ده‌كرێ. له‌وانه‌يه هه‌ندێ چالاكی هه‌بن كه پێويستیان به چه‌ند كاتژمێرێك له ئاماده‌كاری و چه‌ند كاتژمێرێك له جێبه‌جێ كردن هه‌بێ به‌ڵام هێشتا هه‌ر به يهكهيهك وهيان كاتژمێرێك ده‌ژمێردرێن.
كۆكردنه‌وه‌ی په‌نجا كاتژمێری زانستخوازی له درێژايی ساڵێكدا كارێكی قوڕس نيه. بێ گومان، به بهراوردیكردن، ده‌رفه‌تی ئاماده‌بوون له سێميناران له زانكۆ گه‌وره‌كاندا زياتره وه‌ك له زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شارانه. وا چاوه‌روان ده‌كرێ كه زۆرينه‌ی مامۆستايانی زانكۆ و په‌يمانگا گه‌وره‌كان له ساڵێكدا زياتر له سه‌د كاتژمێری زانستخوازی كۆ بكه‌نه‌وه. به‌ڵام هی شاره بچوكه‌كان له‌وانه‌يه به‌بێ هاوكاری ئيداره‌ی زانكۆ و په‌يمانگاكان، پڕكردنه‌وه‌ی په‌نجا كاتژمێرهكهيان كارێكی ئاسان نه‌بێ، بۆيه داوا له سه‌ركرده‌كانی زانكۆ و ده‌سته و كۆلێژه‌كانی شاره بچوكه‌كان ده‌كرێ كه‌وا ده‌رفه‌ت بۆ مامۆستايان بڕه‌خسێنن، وه مامۆستاكانيش چالاكانه هيممه‌ت بكه‌ن و به پێی پێويست سه‌فه‌ری زانستخوازی بۆ زانكۆكانی شاره گه‌وره‌كان بكه‌ن.
بهشدارێكردن به ئاماده‌بوون
هه‌موو سێمينار و كۆنفرانسێك و وۆڕكشۆپێكی ئه‌كاديمی به‌های مه‌زنی له فێربوون و فێركردندا هه‌يه. به‌شداريكردن به ئاماده‌بوون له به‌رنامه‌ی زانستخوازی خۆی له خۆي‌دا كارێكی بێ ئه‌رك و ئاسانه. پێويسته (واجيبه) هه‌موو مامۆستايانی به‌شه زانستيه په‌يوه‌نديداره‌كان له سێميناره زانستيهكانی به‌ش و كۆلێژهكانيان ئاماده ببن، و بۆ هه‌ر ئامادهبوونێكيش كاتژمێرێكی زانستخوازیان بۆ ده‌ژمێردرێت. له‌و سێمينارانهدا ناوی ئاماده‌بووان ده‌نوسرێت و دواتر ليسته‌كه وه‌ك به‌ڵگه‌يه‌ك بۆ پاڵپشتێتی له ئامادهبووهكه ده‌درێته لێژنه‌ی زانستی كۆلێژ و دواتر هی زانكۆكه.
بۆ ئه‌وه‌ی سێمينارێك به يه‌ك كاتژمێر بژمێردرێت، پێويسته ماوه‌كه‌ی له چل‌وپێنج خولهك (٤٥ ده‌قيقه) كه‌متر نه‌بێت. سه‌باره‌ت به كۆنفرانس و وۆركشۆپ، پێويسته لێژنه‌ی زانستی ڕێكخه‌ر بڕيار له‌سه‌ر پێوه‌ر و كاتژمێره حيسابكراوهكان بده‌ن، به‌ڵام به شێوه‌يه‌كی گشتی بۆ هه‌ر ڕۆژێكی كۆنفرانس له سێ (۳) كاتژمێر زياتر كرێديت نادرێت.
بهشدارێكردن به چالاكانه
به‌نرخترين و كاريگه‌رترين شێوازی نوێكردنه‌وه‌ی زانست بريتيه له به‌شداری كردنی چالاكانه، له رێگه‌ی توێژينه‌وه و لێكۆڵينه‌وه و گه‌ران به‌دوای زانياری و پێشكه‌ش كردنی ده‌ره‌نجامه‌كان له سێميناری زانستی به‌ش و كۆلێژه‌كاندا. بۆيه‌ش هه‌ر سێميناريكی له‌و جۆره به دوو كاتژمێر بۆ مامۆستای پێشكه‌شكار له‌قه‌له‌م ده‌درێ. پێويسته هه‌موو مامۆستايه‌ك له ساڵێكدا به‌لانی كه‌مه‌وه بيست (٢٠) كاتژمێری زانستخوازيی به‌شێوازی به‌شداری چالاك ئه‌نجام بدات.
- سێمينار پێشكه‌شكردن
پێويسته هه‌موو مامۆستايه‌ك به شێوه‌يه‌كی ده‌وری ئه‌و سێمينارانهی خواره‌وه پێشكه‌ش بكات:
- به لانی كه‌مه‌وه هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك سێمينارێك له‌سه‌ر بابه‌تی توێژينه‌وه‌ی خۆی وهيان چه‌قی بابه‌تی بواره‌كه‌یدا پێشكه‌ش به هاوكارانی له مامۆستايانی به‌ش و كۆلێژه‌كه‌ی خۆیدا بكات.
- به لانی كه‌مه‌وه هه‌ر سێ مانگ جارێك وتارێكی زانستی له رۆژنامهيهكی ناسراوی جيهانيدا له بواری پسپۆڕی خۆي‌دا هه‌ڵبژێرێت و به ئاسانكراوی و به شێوازێكی لۆژيكی و به پاوه‌ڕ پۆينت پێشكه‌ش به مامۆستايانی ئاستی به‌شه‌كه‌ی بكات. سێمينارهكه كراوه ده‌بێ و له ئاستی زانكۆدا ڕاده‌گه‌يه‌ندرێت. ئاماده‌بوونی مامۆستايانی به‌شی په‌يوه‌نديدار چاوه‌ڕوانكراوه (واجيبه) و هی ده‌ره‌وه‌ی به‌شه‌كه ئيختياريه.
- به لانی كه‌مه‌وه هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك وتارێكی زانستی به هه‌مان شێوه‌ی خاڵی (ب) سه‌ره‌وه به‌ڵام له بابه‌تێكی جياواز پێشكه‌ش به مامۆستايانی كۆليژهكهی ده‌كات. ئه‌و سێمينارهش كراوه‌يه و له ئاستی زانكۆدا ڕاده‌گه‌يه‌ندرێت، به‌ڵام ئاماده بوونی مامۆستايانی كۆلێژی په‌يوه‌نديدار چاوه‌ڕوانكراوه.
- هه‌ڵبه‌ته ڕۆڵێكی گرنگی ئهكاديميان بريتيه له به‌شداريكردن له ئه‌لقه‌ی بيركردنه‌وه و داڕشتنی پلانی ستراتيژی و پێشكه‌ش كردنی ڕاوێژی زانستی به‌هادار به ده‌زگا جياكان. ده‌كرێ ئه‌و جۆره چالاكيانه، ئه‌گه‌ر به به‌ڵگه‌وه پێشكه‌ش بكرێن، به كاتژمێرێك بۆ هه‌ر يه‌كێك له به‌شداران حيساب بكرێت.
- بڵاوكراوه‌ی زانستی
- نووسين و بڵاوكردنه‌وه‌ی وتاری زانستی له گۆڤاری زانستيدا كارێكی نوێكهرهوهيه، بۆيه بڵاوكراوه‌كان له پڕۆسه‌ی زانستخوازيدا به‌رز ده‌نرخێندرێن. بۆ نموونه، بلاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر دانه وتارێك كه له گۆڤاری پسپۆڕی تايبه‌تمه‌ند بڵاوبكرێته‌وه و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بريتی بێ له ڕاوبۆچوون، وهيان چاوپێخشاندنه‌وه‌ی بوارێك (Literature review) وهيان وتاری پسپۆڕی، ئه‌وا به كاتژمێرێك له‌قه‌له‌م ده‌درێ. بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژينه‌وه‌ی زانستی، كه به (ڕه‌سه‌ن، Original) داده‌نرێ، ئه‌وا سێ كاتژمێری بۆ حيساب ده‌كرێ. بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبێكی زانستی كه له بواری پسپۆڕی دانهرهكهيدا بێ، ده‌بێ له‌لايه‌ن لێژنه‌ی زانستيهوه هه‌ڵبسه‌نگێندرێ و به قرساندن پێنج تا پازده (٥-١٥) كاتژمێری بۆ دابنرێ. ژماره‌ی كاتژمێره‌كانی نابێ له پازده (١٥) دانه تێپه‌ڕ بكات چونكه نابێ ته‌واوی كاتژمێره‌كانی زانستخوازی ته‌نيا به يه‌ك جۆره چالاكی و له يه‌ك بابه‌تدا پڕ بكرێته‌وه.
- هه‌ڵسه‌نگاندنی پڕۆژه و بڵاوكراوه و تێزه‌كانی توێژينه‌وه‌ی زانستی ديسانه‌وه ده‌رفه‌تی باشن بۆ زانستخوازی. به‌رامبه‌ر به هه‌ڵسه‌نگاندنی پڕۆژه‌ی زانستی، وهيان بڵاوكراوه‌ی زانستی زانايه‌كی تر (پێش بڵاوكردنه‌وه)، كاتژمێرێك بۆ هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر ده‌ژمێردرێت. وه به‌رامبه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی تێز (Thesis)ی ماسته‌ر دوو كاتژمێر و هی دكتۆرا چوار كاتژمێر ده‌نوسرێت.
بودجه‌ی زانستخوازی
- پێويسته هه‌موو به‌شێكی زانستی له بودجهكهيدا بڕه پارهيهك بۆ بانگهێشت كردنی زانايانی توێژه‌ره‌وه‌ی ده‌ره‌كی ته‌رخان بكات، كه بێن و نوێترين ده‌ره‌نجامی توێژينهوهكانیان وهيان تازه‌ترين داهێنانی بوارهكانيان پێشكه‌ش به به‌ش و كۆلێژه‌كان بكه‌ن. جا ئه‌و توێژه‌ره‌وانه له زانكۆ جياكانی هه‌رێم بن وهيان خه‌ڵكانی كوردی هه‌نده‌ران وهيان ميوانانی ئه‌كاديمی، پێويسته له بواری توژينهوهدا چالاك بن. له بودجه‌كه‌دا پاره بۆ خه‌رجی هاتوچۆی ناو هه‌رێم و پاداشت ته‌رخان ده‌كرێت، به‌ڵام خه‌رجی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی بۆ نادرێت.
دڵنيايی جۆری و دڵنيايی پابه‌ند بوون
بۆ دڵنيابوون له جێبه‌جێ كردنی پرۆسه‌كه و له كواڵيتی سێمينار و چالاكيه جياكان، پێويسته له زانكۆ و ده‌سته‌كاندا لێژنه‌ی باڵای زانستی، به هاوكاری لێژنه‌ی دڵنيايی جۆری، كاری به‌دواداچوونی پڕۆسه‌كه بگرێته ئه‌ستۆ و ميكانيزمێكی گونجاوی بۆ دابڕێژێ. بۆ خاتری هاندان و به‌دواداچوون، ئه‌وانه‌ی خواره‌وه ده‌بنه به‌شێكی دانه‌بڕاو له پڕۆسه‌كه و له لايه‌ن لێژنه‌ی زانستيهوه چاودێری ده‌كرێن:
- لێژنه‌ی زانستی كۆلێژ ئامار و به‌ڵگه‌ی ئاماده‌بوونی چالاكی مامۆستايان كۆ ده‌كاته‌وه، و له دوای دڵنيا بوون، ئاماره‌كان بۆ لێژنه‌ی باڵای زانستی زانكۆ به‌رز ده‌كاته‌وه تاوه‌كو بڕوانامه‌ی ساڵانه‌ی زانستخوازی بۆ هه‌ريه‌ك له مامۆستاكان ببه‌خشێت. لێژنه‌ی زانستی زانكۆ به‌رپرسه له دڵنيابوونی ئاماده‌بوون و دڵنيايی جۆری و كۆكردنه‌وه‌ی ئامار و به‌ڵگه‌ی ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی زانستخوازی له كۆلێژ و به‌شه‌كاندا. هاوكات له وه‌زاره‌ته‌وه بەڕێوەبەرى گشتى پشکنین و دڵنیایی جۆرى له به‌دواداچوونی پڕۆسه‌كه به‌رپرس ده‌بێ.
- بۆ دڵنيايی جۆری، لەکاتى ئه‌نجامدانی هەر سێمينارێك فۆرمى هەڵسەنگاندن به‌سه‌ر ئاماده‌بووان دابەش ده‌كرێت، و تێيدا چه‌ند پرسيارێكی بابه‌تيانه سه‌باره‌ت به ئاستی زانستی و شێوازی پێشكه‌ش كردن و خۆماندووكردنی مامۆستاكه‌ی تێدا ده‌بێت . فۆڕمه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن له لايه‌ن لێژنه‌ی زانستی زانكۆوه ههڵدهگيرێت، و به هه‌مان شێوه‌ی پڕۆسه‌ی دڵنيايی جۆری خوێندنی خوێندكاران شی ده‌كرێنه‌وه و فيدباكهكان به شێوه‌يه‌كی نهێنی به مامۆستاكه دهگهيهندرێنهوه.
پابه‌ند بوون و ده‌ره‌نجامه‌كانی
- پابه‌ند بوون به پڕۆسه‌ی زانستخوازی به‌رده‌وام ده‌بێته به‌شێكی دانه‌بڕاو له ژيانی مامۆستا و له چه‌ندين چالاكی و ده‌ستكه‌وتنی ئيمتيازاتدا حيسابی بۆ ده‌كرێت. بۆ نموونه، له كاتی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی (تهرقيه) و هه‌ڵگرتنی پۆستی كارگيڕی و به‌شداريكردن له لێژنه‌كان و شاند كردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و نوێنه‌رايه‌تی زانكۆكاندا، ته‌نيا ئه‌و كه‌سانه ده‌توانن بێنه پێشه‌وه كه به لانی كه‌مه‌وه په‌نجا كاتژمێريان له پڕۆسه‌ی زانستخوازيدا كۆ كردۆته‌وه. ئه‌و مامۆستايانه‌ی كه له ساڵێكدا له په‌نجا كاتژمێر كه‌متريان وه‌ده‌ستهێناوه، ئه‌وا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵی دواتر مافی پێشكه‌شكردنی تهرقيه و پێشكه‌شكردن بۆ پۆستی پايه به‌رز و به‌شداریكردن له چالاكيه‌كانی تر نابێ.
- دواپهيام
بێ گومان، هه‌موو مامۆستايه‌ك باڵوێزێكه بۆ زانكۆكه‌ی، و ئاستی زانسته‌كه‌ی نيشاندهرێكه بۆ ئاستی زانستی زانكۆكه‌ی. بۆيه ئامانجی هه‌موو زانكۆيه‌ك ئه‌وه‌يه كه نوێنه‌ر و باڵوێزه‌كانی، وهيان پێشڕه‌وه ئه‌كاديمی و كارگێڕيهكانی، سه‌رنج ڕاكێش بن له ئه‌دا و له وه‌ده‌ستهێنانی متمانه و ڕێزی خه‌لكانی ده‌ره‌وه. بۆيه، پێويسته مامۆستاكان نموونه‌ی زيندوو بن له زانستخوازانی به‌رده‌وام، وه ئه‌ركی سه‌رشانی ئيداره‌ی زانكۆ و ده‌سته‌كانه كه له ڕێگه‌ی داڕێژتنی به‌رنامه‌يه‌كی تۆكمه بۆ پڕۆسه‌ی زانستخوازی به‌رده‌وام، زه‌مينه بۆ ئه‌و ده‌ره‌نجامه بڕه‌خسێنن.




